برووسکه
پەیامی محەممەد سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بە بۆنەی شەشەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردــ ئورووپا 03/11/2013








پەیامی محەممەد سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بە بۆنەی شەشەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردــ ئورووپا

دۆستان و هاوکارانی بەڕێزی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد (ئورووپا) پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد (ئورووپا) لە هەموو ئەندامانی بەڕێزی ئەم ڕێکخراوە و هەروەها لە خەڵکی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەکەم و لەوەیکە فرسەت و ئیمکانی بەڕێوەجوونی کۆنگرە و کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە تەنانەت لە دەرەوەی کوردستانیش هاتۆتە دی، خۆشحاڵیی خۆم دەردەبڕم. بێگومان کوردستان و گەلی کورد کۆمەڵێک برینی قووڵی چەوسانەوە، دابەشکران، دەستدرێژیی و ڕق و توڕەیی سەرکوتکەرانی لە ڕابردووی دوور و نزیک بە جەستەوەیە و ئەمڕۆش بە خۆڕاگریی لە بەرامبەر هەموو چەشنە بێبەشکرانێکی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و بێبەشیی لە لانیکەمی مافەکانی مرۆڤ، کەوتۆتە بەر پەلاماری گەلێک توندوتیژیی و هەڕەشە و سەرکوت. زۆر بەداخەوە لەم هەلومەجەدا دەبێ بڵێین کە مافی مرۆڤ و ئازادییە ناسراوەکانی مرۆڤ ، گەورەترین ئاستی پێشێلکران و ژێرپێخرانی خۆیان تەجرەبە دەکەن. سەرچاوەی نیگەرانییەکانی ئێستای ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بریتیین لە بەردەوامبوونی بێبەشیی خەڵک لە مافەکانی سیاسی و فەرهەنگی، بەردەوامیی هەڵاواردنەکان و سەرکوتی سیستەماتیک لە هەر دوو بەشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لەسێدارەدرانی سیاسیەکان لە ڕۆژهەڵات، هاوکات تێکهەڵچوون و پێکدادانی خوێنینی ناوخۆیی سووریە و هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان. هەر بۆیەش لەسەر ئەم باوەڕەین کە ناوەندەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ پێویستە لەم بووارانەوە هاوکاری و تێکۆشانی هاوبەشییان هەبێت و زۆر شێلگیرانەتر و چالاکتر لە پێشوو کار بکەن. ئێمە پێمان وایە کە هاودەنگیی و گرتنی هەڵوێستی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کورد لە بەرامبەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، کە بێگومان نیگەرانیی هاوبەشی هەموومانە، پێویستییەکی هەنووکەییە. لەم ڕووانگەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی دووبارە بە بۆنەی گرتنی کۆنگرەی ساڵانەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد (ئورووپا) و هیوای سەرکەوتن بۆ تێکۆشەرانی ئەم ڕێکخراوە، لە هەموو ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەخوازێت کە لەسەر هۆکارەکانی پێویستیی هاوئاهەنگی و هاوهەڵوێستییمان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنیان هەبێت.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند

سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان

زیندانی ئەوین/ تاران ئۆکتۆبری ٢٠١٣
مرۆڤایەتی
ناوەندی بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان
تەلەفۆن : 66368670-21-0098   | پۆستی ئەلکترۆنی: prmmkkurd@gmail.com